ئەمریکا هەڵوێستى خۆی لەسەر هێرشەکانى تورکیا بۆسەر هەرێم ڕادەگەیەنێت

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر عێراق و هەرێم دەڵێت: ئێمە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژە داعشمان هەیە و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانمان قبوڵ ناکەن، ئەوەشی ئاشکرا کرد، داوایان لە تورکیا کردووە کێشە سنورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە دیالۆگ چارەسەر بکات.

ئەلینە ئێڵ ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی لەبارەى هێرش و داگیرکارییەکانى دەڵەتى تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان و عێراق، هەڵوێستى وڵاتەکەی خستەڕوو کە جەختکردنەوە بوو بۆ ناڕازیی بوونى وڵاتەکەى لە بەردەوامىی ئەو هێرشانەى دەوڵەتى تورک.

بەپێی هەواڵی ڕادیۆی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاندووە، چەندین جار نیگەرانیان دەربڕیوە و هۆشدارییشیان بە تورکیا و بە ئێران داوە لەسەر ئەو هێرشانە بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەشڵێت: نیگەرانییەکان لەسەر هێرشەکانی تورکیا هەر تەنها لەبەر ئەو هێرشانە نییە کە دەیانکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەهۆی ئەو هێرشانەشەوەن کە دەکرێنە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها جەختی کردەوە، کە ئەوان هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژە داعشیان هەیە و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانیان قبوڵ ناکەن.

ڕۆمەناوسکی ئاماژەى بەوەشکردووە، داوایان لە تورکیا کردووە کێشە سنورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە دیالۆگ چارەسەر بکات.

هـ.ح

Comments are closed.